ئەو وەختەى بە عشقەوە ئەنووسیت وئەبیتە هاودەمى زمانى بەخشین وداهێنان.ئەو کاتەى هەموو ژیانت ئەدەیتە دەست قەڵەم وئەبیت بە پەروانەى دەورى وشە وچراى کتێب ورستەیەکى جوان. تۆ ئیتر لەوە دەرئەچى بە تەنها بۆ خۆت بژیت وتۆ ئیتر تەمەنت ئەبێ بە تەمەنى گەڵاوگوڵى خۆشەویستى وژیانت بە ژیانى میللەتێک وتێکەڵ بە ئایندە ئەبى ولەگەڵ باراندا ئەباریت ولەگەڵ هەتاودا هەتاو!
حەمەکەریم عارف
پیاوێک لە شەونخونى و
لە ڕێژنەى وشەو
خۆشنەردنەوەى قەڵەم و
پەنجەرەیەک بۆ خەمى کەسک و
گزنگى بەیان.
حەمەکەریم عارف
ژێ یەک بۆ خۆشەویستى ئەبەدى
ئەدەب وچاوى مرۆڤایەتى و
گۆرانیى هەمیشە پاراوى
گەرووى ژیان!
هەشتا ئەستێرەى کتێب لەو تەمەنەدا
هەشتا جۆگەى روون لەو دارستانەدا.
هەشتا فڕین لەو ئاسمانە زیوینەدا.
هەشتا ماچى منیش لەم نووسینەدا!
ئەمشەو بە تەنها خۆم لەسەر مێزەکەم
ئەم مۆمى رێزلێنانەم بۆ ئەو عاشقە داگیرسان!
بە تەنها خۆم وچەند دێڕە شیعرێکى جاویدان.
بە تەنها خۆم وپەپوولەیەکى غەمگین و
چەند کاغەزێکى سپى چاوەڕوان.
بە تەنها خۆم کەوتمە هەڵدانەوەى
لاپەڕەى چاو بەشەونمى ئەو مێرگەو
خوێندنەوەى هەناسەکانى ئەو گۆمەو
گێڕانەوەى حیکایەتى باڵندەیەکى
دەنگ زامدار!
بە تەنها خۆم،نە حەمەکەریم خۆى زانى و
نە رۆژنامەیەک ونە گۆڤارێک و
نە شەقامێکى کەرکوک ونە مەقامێکى
عەلى مەردان،تەنها هەر خۆم ومێزەکەم
کەسى تر نا.
کەرکوکییەک
پڕ پڕ لە کوردستان و
لێوانلێو لە جیهان!
کەرکوکییەک
هەموو دنیا دێنێتە ناو ئەم پەیڤەوەو
پەیڤیش ئەبێ بە گوڵى سان.
لە دنیاوە
چەندین دەریاچەى ڕۆمانى
ڕژانە ناو ئەم وڵاتى زمانەوە.
چەندین نزارى چیرۆکى
هێنایە ناو ئەم رووبەرى زمانەوە.
چەندین ئاوێنەى دیرۆکى
بە دەوونماندا هەڵواسى.
کەرکوکییەک
باخى نووسى و
کێڵگەى نووسى و ڕانەوەستا!
کەرکوکییەک..
خۆرەتاوى ناو جیهانى بۆ وەرگێڕاین
مانگە شەوى بۆ وەرگێڕاین
عەشقى گەورەى ئەفراندنى بۆ وەرگێڕاین
ئەلبێر کامۆ.ئەلکساندەر فەدایەف.هیرب میدۆ.قاسمۆف.کازانتزاکیس.چیخۆف.گوینتەر دیشنەر.فنسنت ڤان گۆگ.مالرۆ.شەکسپیر.م.گۆرکى.هۆمیرۆس.چرنیشفسکى.چایکۆفسکى.ئیدگار ئالان پۆ.جاک لەندەن.گۆگۆل.سیرۆس پرهام.بلیخانۆف.کریس کۆچرا.مەهدى حسێن.سابت رەحمان.ئەحمەد مەحموود.سەمەدى بیهرەنگى.عەزیز شەریف.نەجەف قولى پسیان. ئەشرەفى دیهقانى.مەسعود ئەحمەدزادە.گەوهەر مراد.یەڵماز گوناى..چەندین وچەندین کەژو دەریاچەو دەشت و رووبارى تریش...
لە سى وپێنج ساڵیدا هەشتا چراوگى
بە ژوورەکانى ئەم زمانەدا هەڵواسى.
لە سى وپێنج ساڵیدا..هەشتا رێگاى تازەى
لەم نەخشەیەدا کردەوە
هەشتا تۆوى گوڵى شەست پەڕ
هەشتا پەیژە،هەشتا شەبەنگ و
هەشتا تابلۆ
لەم زمانەدا...ئەم گەرووى چریکانە دەگمەنن.
لەم رەنگانەدا..ئەم تۆنى دەنگانە دەگمەنن.
لەم هەورانەدا..ئەم بارینانە دەگمەنن.
لەم دەغڵانەدا..ئەم گوڵە گەنمانە دەگمەنن.
من ئەمشەو تەنیا هەر خۆم وچەند شیعرێ
ئەم چراى ڕێزلێنانە لە سەر مێزەکەم دائەگیرسێنم.
بۆ کەرکوکییەک کە سەر ڕێژە لە وشەو
کە لێوانلێوە لە خۆرەتاو..سڵاو ئەى بارانە
جوانەکەى زمانى کوردى.سڵاو ئەى
کەرکوکى خۆشەویست!سڵاو!
سلەیمانى 15/7/2009
ئەدەب وهونەر/ژمارە(643)/پێنجشەممە/23/7/2009