لە پێناوى ڕاستیدا
ئەوەى گیزە گیز بچێنێ، نابووتى دەدورێتەوە.

حه‌مه‌ که‌ریم عارف

      ڕۆژی 29/8/2006 بوو،چوومە دەوام بۆ دەزگای ڕۆشنبیرى شەفەق لە کەرکوک،لە ژوورى خۆم دانیشتبووم ، سەعات دەو بیست و یەک دەقیقە بوو،ژمێریار مووچەکەى بۆ هێنام، تەماشاى لیستى مووچەکەم کرد ، سەیرم کرد کرابوو بە شەش سەدوپەنجا هەزار دینار،لە کاتێکدا مووچەى بەندە حەوت سەدو پەنجا هەزار دیناربوو،(بەنەسرییەوە کە پەنجا هەزار دیناربوو)،واتە مووچەکەم کەم کرابووەوە،( لە کاتێکدا پەیمانێکى چەند خاڵی لە بەینى بەندەو  بەدران ئەحمەدا هەبوو،کە خاڵێکیان ئەوە بوو مووچەکەم بە هیچ جۆرىِ کەم ناکرێتەوە...)،بە هەر حاڵ لیستەکەم ئیمزاکردو لە ئاستى ناوەکەمدا  نووسیم (ئافەرین بۆ خۆتان!!).
دواى نیو سەعاتێک هەستام ، بچم بۆ ماڵی خوشکم لە گەڕەکى کوردستانى کەرکوک کە هەندێ نانیان بۆ کردبووین تا بیبەمەوە، سوارى ئوتومبێل بووم وچوومە ئەوێندەر، دوای چاک وخۆشی و هەواڵپرسین،سوارى ئۆتۆمبیلەکەم بووم وبەناوجەرگەى کەرکوکدا بۆ سلێمانى وەڕێکەوتم، بە سەیتەرەکانى کەرکوک، قەرەهەنجیر ،چەمچەماڵ، تەکیەدا ڕەت بووم،  هیچ نەبوو،گەییمە کانى شەیتان، مەفرەزەیەکى مرور ڕایانگرتم:
- بێ زەحمەت کوا ڕەقەمەکەت ؟
دابەزیم سەیرى پاش و پێشی ئۆتۆمبیلەکەم کرد ژمارەى پێوە نەما بوو،خۆ بە یانى تابلۆى ژمارەکانى پێوە بوو، خۆ ئۆتۆمبێل جگە لە دەزگای شەفەق لە چ شوێنێکى دیکە ڕانەگیراوە، پێم گوتن :
من حەمە کەریم عارفم، لە دەزگای شەفەقی کەرکوک کار دەکەم، ئیجرائاتى یاسایی ئاسانم لە گەڵ بکەن و ئیشەکەم لێ قورس مەکەن، ئید ى بەدەم پسوڵە نووسینەوە کەوتنە قسە کردن،
- مامۆستا تۆ شانست هەیە، چۆن بەبێ ژمارە بەناو کەرکوکدا هاتوویت و تووشی مەفرەزەى ئەمریکییەکان نەبووى، باوەڕبکە بیانگرتبای بە ئیڕهابیان لەقەڵەم دەدایت و تیادەچوی، ئێستاش هیچ عاجز مەبە خۆت و سەیارەکە دە بێ حیجز بکرێن،ڕەنگە چاوپۆشی لە حیجز کردنى خۆت بکرێت، بەڵام ئۆتۆمبیلەکە مەحاڵە، تا ئەو تابلۆی ژمارانە نەیەتەوە بەربوونى نییە،بەم شێوەیە لە بەروارى 29/8/2006 بە ژمارەى ت/2006 نوسراویان بۆ کردم و پۆلیسێکیان لەگەڵ ناردم بۆ گەراجى دەست بەسەراگرتنى ئۆتۆمبێل،ئوتومبیلم تەسلیم کردو بۆ ماڵ هاتمەوە ،بیرم کردەوە،ناکرێ ئەم ژمارانە مرور لەبەر موخالەفەیەک لێیکردبنەوە، ئەگەر بە ڕێکەوت کەوتبێ ما قوول نییە هەردووکى بە جارێ بکەوێ، کەواتە دەبێ کەسێک ئەم کارەى کردبێ بۆ تووش کردنى من ...ئۆتۆمبیلم تەنیا لە دەزگای شەفەق ڕاگرتووە ونەمبردۆتە شوێنێکى دی و خۆ ماڵی خوشکم کاری وا لەگەڵ مند ا ناکەن.. بەبێ تاقەتى کەوتمە تەماشاکردنى دە فتەرى تەلەفۆناتەکەم، لە پڕ چاوم بە ژمارەى تەلەفۆنى کاک دکتۆر نورى کەوت، کە هاوکارى نزیکى جەنابی نێچیرڤان بارزانییە، تەلە فۆنم بۆکردو ڕوخسەتم لێ خواست کە یەک دوو دەقیقەیەک گوێم لێ بگرێ ، بەحەقیقەت دڵسۆزانە گوێی لێگرتم و  بەندەش حیکایەتەکەم لە نووکەوە بۆ گێڕایەوە...ئەوجا وتى:
- کاک حەمە تۆ تەلەفۆنەکەت داخە، من تۆزێکى دى جوابت لێدەگێڕمەوە..
دواى تۆزێکى دى بە لوتفی خۆی قەرزاربارى کردم و تەلەفۆنى کردەوە:
-کاک حەمە تەلەفۆن بۆ شاخەوانە، کێیە بکە با هەر ئێستا تابلۆی ژمارەکانت بۆ بگێڕێتەوە...
شاخەوان تایپیست و هەڵەچنى دەزگاى ئاراس بوو،بەدران ماوەیەک بوو ناردبووى بۆدەزگاى شەفەق وگوایە کردبووى بە جێگرى خۆى!!..کوڕینە پیاو تا شاخەوان کەرکۆکى نەبینێت قەدرى مامۆستا بەدران!!  نازانێت،هەربۆیە ئەم تەیرە گولە ئاشقى ئەو دارى زەقنەبووتە بووبوو وهێنابوویە کەرکوک..  بە هەرحاڵ تەلەفۆنم بۆکردو هیچ حاشای لێنەکرد، بە نەبەدڵی گوتى:
-باشە وەرە بۆی...
گوتم:
-بابەگیان من خۆم و ئۆتۆمبیلەکەم لە حیجزداین چی بێم بۆی ! چۆنت ڕەقەمەکان دزى ئاوا بینێرەوەو ئەمە ئەمرى سەرەوەیە و حەتمەن ئاغات (بەدران) تەلە فۆنى بۆ کردوویت..
ئیدى بەپەلە سایەقەکانى بانگ کردبوو ، کێ ماڵی حەمە کەریم عارف دەزانێ ؟
 ئیدى پرسیاریان کردبوو بۆچى ،ئەویش بەناچاری باسی ناردنەوەى ڕەقەمەکانى کردبوو،تومەز کە ڕەقەمەکانى بە دزییەوە کردبووەوە لە دەزگا دای نەنابوو، بەڵکو ناردبوویەوە بۆ ماڵی خۆیان!..بەهەرحاڵ تەماحى نابووە بەر سایەقەکان هەر کەسێک ڕەقەمەکان بەرێتەوە بۆ سلێمانى بەنزینى ئەمسەرو ئەوسەرى بۆ دەکرێت ، نانخواردنى ڕێگەشی لە سەر ئەو..بەو جۆرە سڕەکە هەڵماڵراو سیحرو بەتاڵبوونەوەى سیحرەکە کەشف بوو!..سیحرى قەڵب سەرى ساحێبی!.. سایەقەکان ملیان نەدابوو،پاشان یەکێکیانى بردبوو بۆ ماڵی خۆیان (کەئێستا بەبێ هیچ هۆیەک دەرکراوە!) ڕەقەمەکانى دابوویێَ، ئەویش ڕەقەمەکانى بە برایەکى مندا کەپەیوەندى  بە شەفەقەوە نەبووە، ناردبووەوە بۆ سلێمانى،بە هەرحاڵ دواى دوو ڕۆژ ئەمسەرو ئەوسەرو موراجەعەى  دایەرەکانى سلێمانى و 30 هەزار دینار غەرامە، ئوتۆمبێلەکە لە حیجز بەردرا.
 دیارە من ئەم ڕووداوەم بۆ زۆر کەسی دیکەش گێڕاوەتەوە وبەنووسین ودەست خەتی من لاى هەندێ کەس پارێزراوەو وەکو خەبەریش لە سەرەتاکانى مانگى 9/2006 لە ڕۆژنامەى (کەرکوکى ئەمڕۆ) ئاماژەیەکى خێرای پێد راوە...
هەڵبەتە من لە 30/8/2006 وە ئیدى نەچوومەوە بۆ دەزگای شەفەق، چونکە قەناعەتم وایە بەرپرسێک ئەو ڕێگە پێچاوپێچە بگرێتەبەرو زەڕەیەک ویژدانى نەبزوێ و ئەو هەموو ناهەقییە بکات و هەر بە مەبەستى تووشکردنى من تابلۆى ژمارەى سەیارە بەدزییەوە لێ بکاتەوە، دەشتوانێ لە شارێکى پڕ ئاژاوەى بێ خاوەنى وەکو کەرکوکدا قونبەلەیەک بخاتە ژێر ئۆتۆمبیلەکەم و تیابچم و کەسیش گومان لەو نەکات!.. بەمەش خزمەتى خۆی بکات!! هەڵبەتە ئەمەش شێوەیەک بوو لەشێوەکانى دەرکردن و دەرکردنیش لەوە ئاشکراتر نابێ.. بەڕاستى مەسئولیەت هەر وادەبێ!  بژی مەسئولیەت !
هەڵبەتە لە 23/8/2006 دا ،( شاخەوان کەرکۆکى) لە کۆبوونەوەیەکى ڕەسمیدا و بە ئامادەبوونى کۆمەڵێک کارمەندى دەزگا، بەتایبەت ستاڤى ئەوسای گۆڤارى نەوشەفەق،کە هەموویان ماون پێی ڕاگەیاندنم کە (کاک بەدران ) گوتویەتى گۆڤارەکە زۆر بێ مستەوایە و دایدەخەم، من پێم گوت : کەیفی خۆیەتى ، ئەمە بیانووە، دەنا بە درێژایی مێژووى شارى کەرکوک لە پێش زاینەوە تا ئەمڕۆ بە هیچ زمانێک گۆڤارى لەو مستەوایە لە کەرکوک دەرنەچووە، هەڵبەتە من باوەڕ ناکەم  نەکارى کردنەوەى رەِقەمى سەیارەکەى بەبێ پرس کردبێ و نەئەو قسەیەشى (داخستنى نەوشەفەق)لە گیرفانى خۆی دەرهێنابێ، چونکە یەکەم نوێنەرێکى وەفادارى  بەدرانەو بابایەکى مەئمورەو مەئموریش مەعزورە، بەتایبەتى ئەگەر خزمەت و پێگەیشتنى خۆى(هەڵبەتە بەپێی تێگەیشتنى خۆى لە پێگەیشتن) بەلاوە گرنگ بێ با لەسەر حیسابی خەڵکیش بێ، دووەم هەر ماوەیەکى زۆر کەم لە دواى دەوام نەکردنى بەندە، گۆڤارێکى دیکە لەدەزگای شەفەق بە ناوى (کانیاو) دەرچوو... دیارە ئەمە بەو نیازە بوو کە (کانیاو) جێی نەوشەفەق بگرێتەوە کە وادەرنەچوو..لەلایەکى دیکەشەوە درێژە بە(نەوشەفەق) نەدرا، چونکە بەندە سەرنووسەرى بووم و مۆڵەتى گۆڤارەکە بەناوى کاک فەلەکەدین و بەندەوە بوو کەبەنووسراوى 229لە 30/4/2003 مۆڵەتى ژمارە 141 ى وەزارەتى ڕۆشنبیرى هەرێمى کوردستانى عێراقى پێدراوە..دیارە ئێمە ئەو هەنگاوە یاساییەمان نا،لەو باوەڕەوە بوو کە جۆرە بەستنەوەیەکى کەرکوک بوو لە ڕووى ڕۆشنبیرییەوە بە هەرێمى کوردستانەوەو بەشدارییەکى ڕۆشنبیرانە بوو لە خەباتى  گەرڕندنەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێمى کوردستان، بۆیە ئەو مۆڵەتەمان زۆر مەبەست  بوو، بەبێ ئەو مۆڵەتەش ئیشمان نەدەکرد..
  جا ئەگەر بە ناهەق ناوى بەندە وەکو سەرنووسەر لەسەر گۆڤارى نەوشەفەق لاببرایەو ناوى کەسێکى دى دابنرایە ئەوا ئەو پرسیارە دروست دەبوو،ئەدى حەمە کەریم عارف!.. نەخێر داخستنى گۆڤارەکە لە هەمووی مەسڵەحەتترە! هەم ناوى حەمە کەریم عارف لادەبرێ، وهەم ئەو سین و جیمەش بەرۆکان ناگرێ..(ڕێگاکەش ڕێگایەکى پێچاوپێچەو هەموو کەس پەى پێنابات، ئافەرین خوتتەى جەهەننەمى) ئەگەر مەسەلەکە ناو وناوبانگ بێ خۆ بەندە پێشتر سەرنووسەرى گۆڤارى  گوڵانى عەرەبی بووم کە بەر بڵاو ترین گۆڤارى کوردستان بوو، و بەڕاى گەلێک لە گەورە نووسەران و هزرڤانانى عەرەب یەکێک بوو لە گۆڤارە هەرە باشەکانى  کوردستان ، بەڵکو سەرانسەرى عێراق، هەندێ لەو ڕاوبۆچوون و هەڵسەنگاندننامانە لە یەکێک لە ژمارەکانى گوڵانى عەرەبیدا بڵاوکراونەتەوە، پێم وایە ژمارە حەفتاو چوارە،بۆیە سەرنووسەرى من بۆ گۆڤارى نەشەفەق تەنیا جۆرە کەرکوکچیایەتییەک  بوو بۆ ئەم قۆناغەى ئێستاى کەرکوک ، دەنا نە ئیمتیاز بوو نەخێرێک بوو پێم کرابێ، نە خزمەنکردنى خۆم (کەس دەتوانێ بە حەوسەدو پەنجا هەزار دینارى ڕووت و قووت خزمەتى خۆى بکات!) واتە شەفەق و دەزگاى شەفەق پێویستیان بە من بوو ، نەک بە پێچەوانەوە ،ئەوان خۆیان بە من خزمەت کرد نەک بە پێچەوانەوە...جا گەلۆ، ئەوە حەوت مانگى ڕەبەقە من لە ماڵی خۆم دانیشتووم،و تاقە عانەیەکم وەرنەگرتووە، وئەگەر هەر پارەیەک بەناوى منەوە وەرگیرابێ ئەوا بەدران و پۆلیسەکەى (شاخەوان کەرکۆکى!)لێى بەرپرسن.. بەداخەوە نەوشەفەق ئەو حەوت مانگە دەرنەچوو،جا لەم مانگەدا (مانگى سێ)لەبەر ئەوەى کانیاو نەبوو بەو ئەسپە ڕەسەنەى گرەوى لەسەر بکرێ، و خەمخۆرانى ڕۆشنبیرى وە ئاگا هاتنەوە و هەستیان کرد غیابی نەوشەفەق بۆشاییەکى دروستکردووە، هەرکەسەو بە شێوازى خۆى کەوتە پرسیارو کارکردن بۆ گەڕاندنەوەى نەوشەفەق.. بۆیە بەپەلە پڕوزێ، لەم مانگى سێیەدا برادەران بایان دایەوە سەر گۆڤارە (بێ مستەواکەى نەوشەفەق!) ژمارە چل و دوویان  دەرکردەوە.. بەرڕستى مەگەر حیکایەتى شووتى و فەقێکان پاکانە بۆ ئەمە بکات!..
بەهەرحاڵ دەرکراوەتەوە، لە چ ئاستێکدایە،  چی دەبێ، ئەمە پەیوەندى بە خۆیانەوە هەیە، چ پاکانەیەک بۆ خۆیان و هەڵوێستى خۆیان دێننەوە ئەمە کەیفی خۆیانە... بەڵام ڕوونکردنەوەیەکیان نووسیوە کە بە گەلە کۆمەکێ نووسراوە، چونکە لە هەندێ شوێن بە ڕاناوى لکاوى یەکەم کەسی تاک دەدوێن و لەهەندێ شوێندا بە ڕاناوى لکاوى یەکەم کەسی کۆ دەدوێن...  بەهەرحاڵ لەو ڕوونکردنەوەیەدا جگە لەوەى هەندێ بوختانى زەقیان بۆ کردووم ، کۆمەڵێک منەتى خۆڕاییشیان بە سەردا کردووم، کە بە پێویستى دەزانم هەڵوەستەیەکى خێرایان لە سەر بکەم و خەمخۆرانى ڕاستییان لێ ئاگادار بکەمەوە، هەڵبەتە لە دوو توێی ئەم وەڵامنامەیەدا بەشی یەک  دوو چێرۆکی  دیکەم  هێشتووەتەوە، تەمەننا دەکەم ناچار نەبم بیانگێڕمەوە...
بە هەرحاڵ لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێن((...کاک حەمەکەریم عارف کە سەرنووسەرى کۆوارەکە بوو لە ڕۆژی 30/8/2006 بەبێ هۆیەکى دیار لە دەزگاکەمان و کارەکەى دابڕاو سەرى نەکردەوە بە دەزگاکەماندا، ئێمە لە دەزگاى شەفەق هەر چەندە تێبینى زۆرمان هەبوو لە سەر شێوازى کارو جۆرى مامەڵە کردنى ئەو برادەرە لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیرانى شارى کەرکوک، بەڵام ئەو ماوەیە هەر چاوەڕوان بووین کە ڕوونکردنەوەیەکى هەبێت بۆ ئەو دابڕانە، کەبەداخەوە نەیبوو، و بە پێچەوانە ڕێگەى پێچاوپێچى گرتەبەر بۆ ئەوەى کارێک بکات کە تەنها خزمەتى خۆی بکات وەکو چۆن لەکاتى کارکردنى لەدەزگا هەر بەو شێوەیە ڕەفتارى دەکرد،  ئەمە وای کرد دەزگا بڕیار بدات بەبێ ئەو  کۆوارەکە دەربکاتەوەو خوا یار بێ بەم شێوەیەى ئێستاى بەردەوام دەبێت...)).
خوێنەرانى ئازیز:
    بەندە لەسەرێ ڕا شێوازى مامەڵەو ڕەفتارى برادەرانى دەزگای شەفەقم ڕوونکردەوە، بەویژدانتان ئەوە دەرکردن نەبێ چییە؟، ئەگەر ئەوە هۆیەکى دیار نەبێت پێم وایە ڕۆژیش بە دیار نازانرێ، ئەرێ ئێوە لەجێی من بن سەر بە شوێنى وادا دەکەنەوە!.. دەوام نەکردنى من شێوازێکى شارستانیانەى بەرەڤانییە لە خۆم، دیارە ئەو برادەرانە حەز ناکەن کەس بەرەڤانى لەخۆی بکات ، جا من پێم وایە هەر کەسێک هەوڵنەدات  فێر بێ چۆن بەرەڤانى لەخۆی بکات، بۆئەوە باشە وەکو کۆیلە مامەڵەى لەتەکدا بکرێ، کەبەدرێژایی مێژووی بەشەریەتیش  هەر واکراوە... هەڵبەتە من نە یەکەم کەسم و نە دوا کەسیش دەبم ئابەو شێوەیە لە دەزگای ناوبراو ڕاوەدوونراوم، خۆ لەسەرەتاوە کۆمەڵێک ڕۆشنبیری دیکەش لەو دەزگایەدا کاریان دەکردو هەر یەکەیان بەشێوازێک دەرکران، بێگومان هەر یەکێک لەوانە لە وارى خۆیدا سیمایەک بوو، سەنگێکى ڕۆشنبیری هەبوو، واجیهەیەکى جوان بوون بۆ خاوەنى دەزگاکە .. ئەو ڕۆشنبیرانە بریتی بوون لە : ئەحمەد تاقانە، جەلیل کاکە وەیس، هیمەت کاکەیی، جەلال زەنگابادى، و تاریق کارێزى...) هەڵبەتە یەکەم و دووەمى ئەو زاتانە بەیاننامەشیان دەرکردو بە ڕاشکاوى خاڵیان خستبووە سەر حەرفان و خەتاباریان دەست نیشان کردبوو کە مامۆستا بەدرانە!!!،ئەو دوو بەیاننامەیە ماون ، هەندێکى دیکەشیان شوێنى بەرزیان ئاگادار کردۆتەوە ، دەڵێم کە ئەو ڕۆشنبیرانە کە هەریەکێکیان بە شێوەیەک دەرکران، بۆچى برادەرانى شەفەق بسکەى سمێڵیان دەهات وبە دڵو بە گیان ئەمرى وەهمیان دەر هەقیان جێ بە جێ دەکرد!
برادەرانى شەفەق تێبینیان زۆرە... غافڵن لەوەى کەئەگەر ئەوان تێبینی یەکى نەهەق و هەڵبەستراویان لەسەر خەڵکێک هەبێ، ئەوا خەڵکى دەیان تێبینى  بەڵگەداریان لە سەر وان هەیە.. من  یەکێکم لەوانەى قاییل نیم بەوەى کەسێک بەدڵی هەموو کەس بێ، هەموو کەس ڕازى بکات، چونکە ئەوە دیاردەیەکى سەلبییەو مرۆڤ لە سیفەت و خەسڵەتە مرۆڤانییەکانى خۆی دادەماڵێ و  دووچارى خیانەت لە ئینسانیەتى خۆی دەبێ.. من لە دەزگای شەفەق کارم دەکرد،کاریش، بە تایبەت کاری جددى دەرهاوێشتەى خۆی هەیە، من سەر نووسەر بووم ، هەر سەرنووسەرێک داینەمۆو فیلتەرى بڵاوکراوەکەى خۆیەتى ، جا ئەگەر من لەبەر هۆیەکى ڕۆشنبیرى یان هونەرى بابەتێکم ڕەفزکردبێ یان دوام خستبێ و خاوەنەکەى گلەییەکى لێ کردبم، بائێستاش بیکات،چونکە من مومارەسەى سەڵاحیەتى خۆم کردووە، و ئەمە یەکێکە لەو ڕاستە ڕێگایانەى کەمن باوەڕم پێی هەبووە و بە گوێرەى دەرفەتیش گرتوومەتە بەر ... من بە خەیاڵی ڕەحەت و ویژدانى ئاسودەوە دەیڵێم کەبەرانبەر بە هیچ نووسەر یان ڕۆشنبیرێکى شارى کەرکوک نە غەڵەتم کردووە ، نەغەدرم کردووە، نەنانى کەسم بڕیوە،خەڵکى دیکە هەموو ئەوانەشى کردووە و لە خێلڕوانى برادەرانى شەفەقەوە، لێی جوانە و باریکەڵای بۆ دەکرێ!! هەڵبەتە خوێنەران ئاگادارن کە گۆڤارى نەوشەفەق ناوى دەستەیەکى ڕاوێژکارانى بەسەرەوەیە، ئەوانە لە هەر چوار نکالی دنیاوە کۆکراونەوتەوە، دیارە بەندە پرسم بەیەک بە یەکیان کردووە ئەوجا ناوم داناون،زۆربەیان زەحمەتیان کێشاوەو نامەیان بۆ ناردوم ، نامەى زۆریانم لە یەکێک لە ژمارەکانى نەوشەفەقدا بڵاو کردۆتەوە،دەتوانن ئەو نامانە بەسەر بکەنەوە و بەخۆتان بزانن ئەو نامانە بە چ لوتف و دۆستایەتی یەکەوە  نوسراون، (هەڵبەتە ئەگەر ئەو هەموو تێبینى یەى برادەرانى شەفەق گوایە لەسەر منیان هەبووە،دروست بوایە، ئەو برایانە بەو گەرمی یە بەدەنگ منەوە نەدەهاتن)،چونکە هیچ یەکێک لەو برادەرانە پێویستیان بەناو نییە،بۆ خۆیان ناودارن ولە ئاستێکى ڕۆشنبیرى وەهادان لە هەر مەجلیسێکى ڕۆشنبیریدا بەسەفیرى ڕاستەقینەى کوردو کەرکوک بزانرێن،تۆ بڵێی ئەمە نیشانەى مامەڵە خراپی بەندە بێ!!
جا گەلۆ من لە 30/8/2006 وە لە ماڵی خۆم دانیشتووم و ئەمە بە شێوازێکى شارستانیانەى بەرەڤانى لە خۆم دەزانم، کەچى کەچڕوانانى شەفەق تاوانبارم دەکەن کە ڕێگەى پێچاو پێچى گرتۆتە بەر، خزمەتى خۆى کردووە، و خزمەتى خۆی دەکات...
  کەسێ نەزانێ دەڵێ ڕەنگە حەمە کەریم عارف کلکى کەرى قازیى بڕی بێ! بەخوداى کارى  وام نەکردووە، بەڵام لە برادەرانى شەفەق وایە هەرکەسێک وەکو خۆیان نەبێ ئەوا ئیدى ڕێگاى پێچاوپێچى گرتۆتە بەرو خزمەتى خۆی کردووە..دیارە ئەوەى من بناسێت دەزانێ من لەوەتەى فامم کردۆتەوە کوڕی ڕاستە رێٍگایان  بووم و پێچاوپێچم نەناسیوەو بەڕەڤانى کردنیش لە خۆ بە ڕێگەى پێچاوپێچ نازانم...بۆ مەسەلەى خزمەتکردنى خۆ ... پێم وایە هەر خزمەت کردنێک لە سەر حەساوى خەڵکى دیکە نەبێ کارێکى باش و حەڵاڵە، کە من لە ژیانمدا لە سەرحیسابی هیچ کەسێک خزمەتى خۆم نەکردووە ..لەهەڕەتى پارە زۆرى دەزگاى شەفەقدا،بەهەموو ئیمتیازاتێکەوە  تەنیا حەوت سەد وپەنجا هەزار دینارم وەرگرتووە،کە هەموو کەس دەزانێ ئەمە وەکو هەق  نیوەى هەقى من نەبووە چ وەک ڕەنج و و ماند وو بوون چ وەک بوارى کاریش...بەڵام  بۆ کەرکوکەو بە خەسار ناچێ...ئەو خەڵکانەى من دەناسن، شایەتن لە سەردەمى منداڵیمەوە تاکو ئێستاش هەر بە هەژارى ، ئەمما سەربەرزانە وەکو پیرەمەگرون ژیاوم و دەژیم خودا شاهیدە پاروویەکى حەرامم نەخواردووە! لە سێبەرێکى حەرامدا دانەنیشتووم، ڕەنگە بەغیلی ئەوەم پێببەن بۆیە کەوتوونەتە دەڵببێژی و نەهەقی کردن و بوختان هەڵبەستن...خۆ هەموو موڵک و ماڵی دونیای من قەڵەمێکى موتەوازیعە،و ئەویش بە ئیعترافی دژمن بەر لە دۆست، لە پەڕەى گوڵ پاکترەو من تا ئێستا پتر لە هەفتا کتێبم هەیە کە ئەگەر کۆسپ و تەگەرەى لابەلاو  بەغیلی نەهەق نەبووایە ئێستا لەسەرووى سەد کتێبم دەبوو...جا ڕەنگە برادەرانی شەفەق بەغیلی ئەوەم پێببەن، لە جیاتى بڵێن دەست وچاوت خۆش بێ و خەرمان بەرەکەت...بەڵام دەڵێی چی مرۆڤ شیرى خاوى خواردووە...خودا هیدایەتیان بدات.
   جا برادەرانى عازیزى شەفەق، سەرێ هەڵبڕن، بزانن خەڵکى گەییوەتە کوێ و ئێوە لە کوێ چەقێنراون، وچۆن لە شوێنى خۆتانا پاگێرەتان پێ دەکرێ ، و چ گیزە گیزێکیان پێ ناونەتەوە!برادەرینە وریا بن ئەوەى گیزە گیز بچێنێ نابووتى دەدورێتەوە...
   دەرچوونەوەى گۆڤارەکەش ، بڕیارى ئێوە نەبوو، خۆتان مەخڵەتێنن ، چونکە ئەمەش چیرۆکێکى هەیە، ئەگەر جارێ منیش نەیگێڕمەوە، ڕۆژگار دەیگێڕێتەوە..((ئەرێ بۆ لەخۆتان ناپرسن بۆچى گۆڤارى نەوشەفەق بەناوى کەرکوکەوە لە هەولێر دەردەچێت. تۆبڵێى ئەم ماستە گوریسێکى تیا نەبێ)).
                                               هەر بژین
                                      ڕێ بە ڕاست بەد بەخوا                                                                                                                                                                                                                                                          
                                                                            
حەمەکەریم عارف- کەرکوک:8/4/2007